دەنگدان و دەنگ نەدان خۆفرۆشی و شۆڕشگێربوون نیە

بەرلەوەی خۆمان بسەڵمێنین و غەیری خۆمان رەد کەینەوە، بیر لە بنەما و پڕێنسیپەکان بکەینەوە. مافی دەنگدان و دەنگ نەدان لە روانگەی فەلسەفەی ماف و ئازادییەوە وەک یەکن. ئازادی و مافی بەرابەر واتە ئەو کەسەی دەنگ نادات بەقەت ئەو کەسەی تەبلیغ بۆ کاندیدێک دەکات، ئازادی و ئەمنیەتی هەبێ. نە ئەوکەسەی دەنگ دەدات جاش و خۆفڕۆشە و نە ئەو کەسەی دەنگ نادات حەتمەن شۆڕشگێر و ئازادی خوازە. وون و بزری (گمشدە)ی بازاری هەڵبژادن بنەما و پڕێنسیپ و پێوەرەکانە. کاتێک کاندیدەکان و لایەنگرانیان بیر لە مافی موخالفان ناکەنەوە و تەنیا خۆیان دەخوێننەوە و حیساب دەکەن و لە بازاری هەڵبژاردندا جێگەیەک بۆ موخالفان قایل نین، چ هیوایەک بە بەڵێنی وەدیهێنانی ئازادی، یەکسانی، نەهێشتنی جیاوازی( رفع تبعیض) و درووشمەکانی دیکەیان هەیە. کاتێک هەمان کەس چوار ساڵ تاقی کراوەتەوە و نە تەنیا زیندانی سیاسی ئازاد نەکراوە، بگرە نەیتوانیوە لە مافی هاورێی نزیکی خۆی واتە موسەوی و خاتەمی بەرگری بکات و رێژەیەکی زیاتر ئێعدام کراون و دۆخی مافی مرۆڤ خراپتریش بووە، یانی دەنگ دانی تۆ هیچ یارمەتییەکی بە کۆمەڵگا نەکردووە تا یەک هەنگاو لە ئازادی، دێمۆکراسی، بەرابەری، بەختەوەری و …. هتد نزیک بێتەوە. کاتێک دەنگدان لە فەلسەفەی خۆی بۆش دەکرێ و دەستەڵات و سفرەی ئیمکانات دەبێتە بنەما بۆ کاندیدەکان و بە رۆژی روون خامنەیی بە ئاشکرا کەڵکی ئەبزاری لە خەڵک وەردەگرێ، دەنگدانی تۆ بەر لە هەموو شتێک و هەر کاندیدێک، پشتیوانی لە داوای خامنەیی نەک کاندیدەکەت، چوونکە هەر شەش کاندیدەکە ۳۸ ساڵە دەستەڵاتداری باڵان تۆ بێ خەبەری. کەسانێ کە بە ۳۸ ساڵ هیچیان بۆ خەڵک نەکردبێ، باوەڕ بە وادە و بەڵێنی ٤ ساڵی داهاتوویان، تەنیا مەجالی زیاتردانە بە دزی و فەسادی زیاتر. چاوێک لە دەورووبەرت بکە، ئەم جەهەننەمە دەستکردی کێیە؟ دەنگ نەدان بە مانای گەیشتن بە ئازادی و دێمۆکراسی نیە، بەڵام یەکەم هەنگاو و دەرفەتە بۆ گەیشتن بە ئیرادەی کردەیی کۆمەڵانی خەڵک بۆ پێکەوە بوون و رۆیشتن بەرەو قۆناغێکی دیکە. دەنگدان تاقی کراوەتەوە، نۆبەی تاقیکردنەوەی دەنگ نەدانە. دیسان دووپاتی دەکەمەوە کە دەنگ دان و دەنگ نەدان هیچ پێوەندییەکی بە جاش بوون و شۆڕشگێر بوونەوە نیە. دەنگدان و دەنگ نەدان کردەیەکی سیاسیە نەک بەرچەسبێکی ئەرزشی، بۆیە پێویستە روو لە فەلسەفەی دەنگ بکەینەوە کە سیاسیە نەک نامووسی، تا باشتر بزانین بۆچی و بە کێ دەنگ دەدەین، بە واتایەکی دیکە وەدوای بنەما و پێوەر و پڕێنسیپەکان کەوین نەک شتی لاوەکی

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *