دامه‌زراندنی حیزبی دێموکرات بوو به خاڵی وه‌رچه‌رخانێکی سیاسی کاریگه‌ر و شوێندانه‌ر له ژینگه‌ی سیاسی کوردستاندا. دوو تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی حیزبی دێموکرات یه‌که‌م جیهانبینی و دووهه‌م بوونی ته‌شکیلاتیی ئه‌و حیزبه‌یه. گهرچاوێک به مێژوی حیزبی دێموکڕات‌دا بخشێنین، به روونی بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که له هه‌ردوو بواردا چوونه سه‌ر و هاتنه خواریی به‌خۆیه‌وه بینیوه. به باوه‌ڕی من له مێژووی پتر له ٧٠ ساڵی حیزبی دێموکرات‌دا دوو ده‌رفه‌تی زۆر هه‌ستیار و گرینگ هاتوونه ئاراوه: یه‌که‌میان دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له سه‌ر ده‌ستی حیزبی دێموکرات و دووهه‌میان دوای شؤڕشی گه‌لانی ئێران و کاریگه‌ری و رۆڵگێڕی حیزبی دێموکرات له ژینگه‌ی سیاسی کوردستاندا بوو. ئه‌گه‌رچی مه‌ودای نێوان کۆماری کوردستان و شۆڕشی گه‌لانی ئێران که‌م نه‌بوو به‌ڵام به دڵنیاییوه کۆمه‌ڵگای کورده‌واری له‌و دوو خاڵه وه‌رچه‌رخانه‌دا له پێکهاته‌ی فه‌رهه‌نگیدا زۆر بیچمی وه‌ک یه‌ک و هاوشێوه‌یان هه‌بووه و ده‌توانین بڵێین که کوردستان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ” نه‌ریتی” و ” پێکهاتهگهرا” (له سه‌ر ئه‌ساسی نه‌ریتی خۆی) بووه، به‌ڵام کۆمه‌ڵگای کورده‌واری ئێستاکه به هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ هی ٤٠ ساڵ و ٧٠ ساڵ له‌وه پێش به‌راورد ناکرێ– نه له رووی دێموگرافی و حه‌شیمه‌ته‌وه، نه له رووی پێکهاته‌ی کولتووری و ئیمکانات و که‌ره‌سته و ئامێر و ده‌ورووبه‌رییه‌وه– مه‌گه‌ر له یه‌ک شت‌دا ئه‌ویش ”پرسی کورد”ه که هێشتاش وه‌ک جاران به حه‌ل نه‌کراوی ماوه‌ته‌وه. که‌وابوو ئێمه هه‌مان پرسمان به حه‌ل نه‌کراوی بۆ ماوه‌ته‌وه به‌ڵام پێکهاته، دێموگرافی، ئیمکانات، باری ره‌وانی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی و زۆر بواری دیکه‌ی کۆمه‌ڵگای خۆمان و ناوچه و جیهان تووشی گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی بووه. له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌گه‌رچی به له‌به‌رچاوگرتنی گۆڕانکارییه‌کان له دوو ره‌هه‌ندی چڵۆنایه‌تی و خێرایی، ناتوانین بۆ حه‌لی ئه‌م پرسه په‌نا به‌رین بۆ تێگه‌یشتن و مکانیزم و رێگه و رێکاری ٧ یان ٤ ده‌یه له‌وه پێش، هه‌ربۆیه ده‌توانم بلێم که به نیسبه‌ت حه‌لی پرسی له‌مێژینه‌مان هه‌نووکه بۆ رێبه‌ریی حیزبی دێموکرات هه‌ستیارترین و دژوارترین قۆناغه. هیواده‌خوازم ٢٥ی گه‌لاوێژی ئه‌مسال ببێته خالێکی وه‌رچه‌رخان له شێوه‌ی روانین و تێگه‌یشتنمان– به گشتی– بۆ خه‌بات، سیاسه‌ت و کوردایه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌دا و به هاوکاری و هاودڵی و یه‌کگرتوویی ئه‌رکی مێژوویی خۆمان به‌رانبه‌ر به شه‌هیدان و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان به‌رێوه ببه‌ین.
ساڵڕۆژی دامه‌زرانی حیزبی دێموکرات له بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، له تێکۆشه‌رانی دێموکرات به گشتی و پێشمه‌رگه سه‌ربه‌رزه‌کانی شاخ و شار، له لایه‌نگران و تێکۆشه‌رانی نه‌هێنی، له دۆستان و نه‌ته‌وه‌ی سه‌ربه‌رزی کورد پیرۆز بێ.