دیله‌مای داهاتووی ئێران له که‌ڵافی ئالۆزی ئێستاکه‌دا

 

✍️ کاوه ئاهه‌نگه‌ری

پزشکیان وه‌ک سه‌رکۆی کۆماری ئیسلامی ئێران دیاری کرا و ده‌ستپێکی کاری ناوبراویش به تیڕۆڕی ئیمساعیل هه‌نیه، سه‌رۆکی ده‌فته‌ری سیاسی حه‌ماس له تاران، شیرین کرا. گرژی و ئاڵۆزییه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خه‌ریکه به‌رفراوان و قوڵتر ده‌بنه‌وه و زل هێزه‌کان خه‌ریکن  خۆ بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ شه‌ڕێکی جیدی و جیهانی ئاماده ده‌که‌ن. له‌م کورته نووسراوه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ ئاوڕێک له‌ دۆخی ئێستاکه و داهاتووی ئێران به گشتی و کوردستان به تایبه‌تی بده‌مه‌وه‌.

 

کاتێک روسیا هێڕشی کرده سه‌ر ئوکراین، زۆر که‌س ( یه‌ک له‌وان پوتین) پێی وابوو که له ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا ئه‌رته‌شی روسیه وڵاتی ئوکراین داگیر ده‌کات و به زوویی پوتین له به‌ر چاوی جهانیان پێکی شه‌ڕابی سه‌رکه‌وتن هه‌ڵده‌دات و به‌م شێوه‌یه ده‌توانێ زلهێز بوونی رووسیه به جهانیان به گشتی و رۆژئاوا به تایبه‌تی بسه‌لمێنێت. به‌ڵام به‌رگری و خۆڕاگری گه‌لی ئوکراین و رێبه‌رانی سیاسی ئه‌و وڵاته و پشتیوانی رۆژئاوا نه‌یهێشت ئه‌م ئاواته‌ی پوتین بێته دی و شه‌ڕه‌که‌ وێڕای قوربانییه‌کی زۆر بۆ هه‌ردووک لا، تا ئێستا به‌رده‌وامه و ئه‌گه‌رچی ئوکراین نه‌یتوانیوه روسیا به ته‌واوی شکست بدات به‌ڵام روسیه‌ش براوه‌ی ئه‌م شه‌ڕه نیه.

هه‌ر ئه‌وکات ماکڕۆن سه‌رۆک کۆماری فه‌ڕانسه راگه‌یاند که ئه‌م شه‌ڕه زۆر ده‌خایه‌نێت و ئه‌م هه‌واڵ و لێدوانه‌ش باسی له پلانێکی دڕێژخایه‌نی ده‌کرد. هێشتا شه‌ڕ له ئوکراین به‌رده‌وامه که گرووپی تێرۆریستی حه‌ماس له هێرش بۆ سه‌ر فستیواڵێکی هوونه‌ری و کولتوری له ئیسرائیل، کاره‌ساتێکی مڕۆیی که ٧ ئۆکتۆبری ئه‌مساڵدا خوڵقاند. خه‌ڵکێکی زۆری له گه‌نج و ژن و پیاو کوشت و ژماره‌یه‌ک ژنی زۆریشی به دیل له‌گه‌ڵ خۆی راکێشی غه‌ززه کرد. ئه‌مه بوو به هۆی هێرشی به‌ربڵاو و دڕێژخایه‌نی ئه‌رته‌شی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه و هه‌وڵ بۆ داماڵینی ئه‌م ناوچه‌یه له حه‌ماس. له میانه‌ی ئه‌م شه‌ڕهدا ژن و منداڵێکی زۆر کوژران و خه‌ڵکی سیڤیلیش گیانان له ده‌ست داوه.

ناکرێ شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس ته‌نیا به شه‌ڕی نێوان دوو لایه‌ن به نێوی ئه‌رته‌شی ئیسڕائیل و حه‌ماس پێناسه بکرێ به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی راستی‌یه و له ئارا دایه، دخاله‌تی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی کۆماری ئیسلامی، تورکیه، قه‌ته‌ر، وڵاتانی رۆژئاوایی به گشتی و وڵاته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به تایبه‌تی، روسیا، سعودیه و زۆر لایه‌نی دیکه‌‌یه که گرێدراوی ئه‌م شه‌ڕه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش بۆ تاوتوێ کردنی ئه‌م شه‌ڕه ده‌بێ زیان و به‌رژه‌وه‌ندی زۆر لایه‌ن له‌به‌رچاو بگریردرێت.

پشتیوانی حاشاهه‌ڵنه‌گری کۆماری ئیسلامی له گرووپه تێڕۆریستییه‌کانی وه‌ک حه‌ماس، حیزبوڵا و …. که هه‌موویان ئیسرائیل به دوژمنی خۆیان پێناسه ده‌که‌ن و له راستیشدا بۆ دژایه‌تی ئیسرائیل درووست کراون، کۆماری ئیسلامی له ئاستێکی تایبه‌تیتردا گرێدراوی ئه‌م شه‌ڕه کردوه. بانگهێشتکردنی به‌رپرسی یه‌که‌م حه‌ماس بۆ مه‌راسمی ” تحلیف”ی د. مه‌سعود پزشکیان له تاران و کورژانی له‌ شوێنی مانه‌وه‌ی له‌و شاره، خامنه‌یی و رژیمه‌که‌ی زۆر زیاتر له جاران برده نێو قوڵایی ئه‌م شه‌ڕه‌وه. ئێستا خامنه‌ایی یه‌کێک له نزیکان و هاپه‌یمانه‌کانی که میوانی ئه‌و بووه، له په‌نا خۆی کوژڕاوه. ئه‌م هه‌م له باری سیاسی و ئه‌منیه‌تییه‌وه هه‌م له رووی حه‌یسیه‌تییه‌وه بۆ رژیمی خامنه‌یی گران ته‌واو بووه.

ئه‌و قه‌یرانانه‌ی به‌ڕۆکی رژیمی زاڵ به سه‌ر ئیرانیدا درتوون رۆژ به رۆژ ئاڵۆزتر ده‌بن و دووکه‌ڵی ئه‌م دۆخه‌ش به‌شێکی زۆری ده‌چێته چاوی گه‌لانی ئێران و کوردیش وه‌ک یه‌ک له‌وان. به‌ڵام کوردستان به هۆی بوونی مێژووی خه‌بات و کاری رێکخستن و جێکه‌وتنی حیزب و حیزبایه‌تی، زیاتر له به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئێران بۆ رژیم جێی مه‌ترسی و به‌و راده‌یه‌ش ئامانجی تۆڵه‌کردنه‌وه و سه‌رکووت و کوشتاره بۆ رژیم. له‌ ماوه‌ی رابردوودا دیتمان که رژیم له هه‌ر جێگایه‌ک و له هه‌مبه‌ر هه‌ر که‌سێک که‌می هێناوه، داخی دڵی خۆی به سه‌ر کورد به گشتی و حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات به تایبه‌تی رژتوه.

ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتنی پزشکیان به نیسبه‌ت چاره‌سه‌رکردنی کێشه و قه‌یرانه‌کان زۆر که‌مه‌وه و وه‌کی باسیشکرا ئه‌گه‌ر ته‌شه‌نه سه‌ندنی ئه‌م شه‌ڕه و گه‌وره بوونه‌وه‌شی زۆره و ئه‌وه‌ش رێک به‌و مانایه‌‌یه که کوردستان چه‌قی ئاگری شه‌ر له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێ. ئێستا و له‌وه‌ها دۆخێکدا وڵامی هه‌ندێک پرسیار زۆر گرینگن؛ ئاخۆ که‌ی حیزبه‌کان چوار پارچه‌ی کوردستان ده‌گه‌ن به هاوپه‌یمانێتێک و سازان له سه‌ر هه‌ندێک بڕێاری چاره‌نووس‌ساز؟ له ئه‌گه‌ر ته‌شه‌نه‌ی شه‌ڕ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئایا بوونی هێزێکی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه بۆ پاراستنی خاک و گه‌ل پێویست نیه؟ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ک به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان له بوونی هێزێکی نه‌ته‌وه‌یی و ناوه‌ندێکی بڕیاردان بێ به‌شه و که‌ی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات به گشتی و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران به تایبه‌تی، بۆ ئه‌م ئه‌رکه چاره‌نووس‌سازه ده‌ست به کار ده‌بن؟
له ئه‌گه‌ری هاتنه‌ ئارای شه‌ڕه‌وه ئێمه وه‌ک کورد پشتیوانی یان هاوته‌ریبی به‌رژه‌وه‌ندیمان له‌گه‌ڵ کام به‌ره‌‌ی شه‌ر هه‌یه، دێمکۆراسی رۆژئاوایی یان ئیستبدادی شه‌رقی؟ ته‌عامولمان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی چۆن ده‌بێ و ده‌بێ چۆن له‌گه‌ڵیان بکه‌وینه دیالۆگ و ته‌عامول؟ و زۆر پرسیاری دیکه‌ که پێویسته به زووترین کات وڵامیان بۆ بدۆزینه‌وه.

له کۆتاییدا من پێموایه که ئه‌م ئالۆزی و شه‌ڕه ئه‌گه‌رچی له رواڵه‌تدا ناخۆشه و کوشتار و نائه‌منی به دواوه‌یه‌، به‌ڵام حاشا هه‌ڵنه‌گره که ئه‌م پشێوی و قه‌یرانه پڕه له ده‌رفه‌ت بۆ کورد. به‌س ده‌بێ به وڵامدانه‌وه به‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه بتوانین نه‌خشه‌رێگایه‌ک بۆ خاک و گه‌ڵ بخه‌ینه‌ ده‌ست.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*