کاوه ئاهه‌نگه‌ری
له به‌شی سێی ئه‌م کورته نووسراوه‌یه‌دا (” رێبه‌ریی” وه‌ک سه‌نتێزێک له نێوان ” بوون” و ” نه‌بوون” له شۆرشی ژینادا) باسم له رێبه‌ریی وه‌ک سه‌نتێزێک له نێوان ”بوون و هه‌بوون”دا کرد. پێشتریش باسم له‌وه کردبوو که ئێمه هه‌ین و باوه‌ڕ ناکه‌م ئیتر بچینه ئاستی نه‌بوونه‌وه یا پێموانیه که لایه‌نک بتوانێ ئێمه به‌ره‌و نه‌بوون به‌رێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه گرینگه ته‌نیا ”بوون” نیه، به‌ڵکوو گه‌یشتن به ئاستی ”هه‌بوون” (Become)ه. باسی ئه‌وه‌شم کرد که بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه واته دیله‌مای تێز و ئانتی‌تێز، پێویستیمان به سه‌نتێزێک به نێوی ” رێبه‌ریی” هه‌یه که ده‌توانێ باڵانس به قازانجی حه‌ز و ویستی به‌ره‌وه هه‌بوونی خه‌ڵک بشکێنێته‌وه.
له‌م به‌شه‌دا ده‌مه‌وێ باس له پێداویستییه‌کانی رێبه‌ریی بۆ گه‌یاندنی کورد به ئاستی هه‌بوون بکه‌م و ئه‌م پرسیاره که ئاخۆ رێبه‌ریی کورد پێویستی به چ شتگه‌لێک هه‌یه تا بتوانێ قۆناغی هه‌بوون بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌سته‌به‌ر بکات. له‌وانه‌یه ئه‌م رسته‌یه واش لێکبدرێته‌وه که ئێمه تا ئێستاکه خاوه‌ن ئه‌م فاکتۆڕ و ئه‌کته‌ر و ئامڕازانه نین! که وه‌ک خۆم نکۆڵی لێ ناکه‌م.
هزری گشتی (خرد جمعی)
رێبه‌ریی کورد به‌ر له هه‌ر شت و ئیمکاناتێک پێویستی به خوو و باوه‌رێک هه‌یه که ده‌توانم به ” باوه‌ڕمه‌ندی به هزری گشتی” ناودێڕی بکه‌م. ئه‌م باوهڕمهندییهش به‌ر له‌وه‌ی که فاکتۆڕ و ئامێر بێ، باشتر وایه ببێته خوو و خده. تا ئه‌و جێگایه‌ی که ده‌بێته نه‌ریتێکی جێکه‌وته‌ی سیاسی له نێوماندا و ده‌توانێ به‌سته‌ری ئافراندنی به‌رهه‌مگه‌لی جۆراوجۆری ئه‌رێنی بێت. بۆیه پێموایه که ده‌توانین ئه‌مه وه‌ک سه‌ره‌کیترین که‌مایه‌سی هزری سیاسی کورد که سه‌رچاوه‌ی زۆر کهمایهسیتره ناودیڕ بکه‌ین.
باوه‌ڕمه‌ندی به هزری گشتی واته پێکهێنان و بنیاتنانی کۆمه‌ڵێکی به‌هێز که له تاکی به‌هێز پێک دێت. هزری گشتی واته کۆکردنه‌وه‌ی هێزی کۆیی کۆمه‌ڵگه، حیزب و بنه‌ماڵه‌یه‌ک که تواناکانی ده‌توانێ به شێوه‌ی ریزبه‌ندی گه‌شه (exponential growth) بکات. بۆیه به باوه‌ڕی من گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی رێبه‌ریی سیاسی کوردی پێشگرتنه به گه‌شه. له‌وانه‌یه ئه‌م ئیده‌عایه که‌مێک سه‌یر بنوێنێ به‌ڵام به‌داخه‌وه راستییه‌کی تاڵی کولتوری سیاسیمانه. کێشه‌یه‌ک که بۆ چاره‌سه‌رکردنی پێویستیمان به هێزێکی زۆر زیاتر له‌وه‌ی تا ئێستا سه‌رفمان کردوه، هه‌یه، به بێ گه‌شه‌ی توانا و به‌هره نه‌ک چاره‌سه‌ر نابێ به‌ڵکوو دووری کردن له نه‌ریتی هزری گشتی له خه‌باتدا رێک به مانای به‌خشینی ده‌رفه‌ت به دوژمنه.
رێکخستن
رێکخستن له درێژه‌ی ئه‌م باسه‌ی سه‌ره‌وه‌دا باشتر و دیارتر خۆی ده‌نوێنێ. واته کاتێک وزه له گۆرێ‌دا بێ، ئیتر رێکخستنی ئه‌م وزه‌یه زه‌رووره‌تێکه بۆ سه‌رخستنی داوای کورد و ده‌توانین بڵێین که هه‌ڵقوڵاو و داهاتی به‌شی یه‌که‌م واته هزری گشتییه.
مارکێتینگی سیاسی ( دیپڵۆماسی)
بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که رێبه‌ریی سیاسی کورد هه‌م هزری گشتی وه‌ک نه‌ریتێک له خه‌باتدا ره‌چاوده‌کات و هه‌میش خاوه‌ن رێکخستنێکی به‌هێزه. لێره‌دا ” به‌رهه‌م هێنان” (production) دێته ئاراوه و له رووی سیاسییه‌وه پێویستیمان به بهستهرێکیتره، ئه‌ویش بازاره. له‌وانه‌یه که‌مێک سه‌یر بنوێنێت به‌ڵام له له راستیدا له سیاسه‌تیشدا بازاڕ هه‌یه و بازارهکهشی زۆر گه‌رمه. به‌بازاڕکردنی سیاسی (political marketing) وێڕای پێویستی به ستراتیژی تایبه‌ت به خۆی، وه‌ک بازاڕهکانیتر، فڕۆشیار یان بازرگان (sale manager)ی ده‌وێ که ئه‌مه‌ش پێویستی به پلانێکی ژیرانه‌یه. دیپلۆمات ده‌توانێ رۆڵی فڕۆشیاری سیاسه‌تی کوردی هه‌بێ و له بازاری سیاسه‌تی جیهانی و ناوچه‌ییدا وه‌ک ئه‌وانیتر وه‌دوای ده‌سته‌به‌رکردنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه و نیشتمانی خۆی که‌وێ.
کۆمه‌ڵێک فاکتۆڕی دیکه هه‌ن که گرینگ ده‌نوێنن، بۆ وێنه ده‌توانین به ” ژئۆپۆلیتیک” وه‌ک گرینگ‌ترینیان ئاماژه بکه‌ین به‌ڵام من پێموایه ئه‌م سێ چه‌مکه؛ هزری گشتی (خرد جمعی)، رێکخستن و مارکێتینگی سیاسی ( دیپڵۆماسی) سێکووچکه‌ی ئاگرێکن بۆ سیاسه‌ت که له هزری سیاسی کوردی‌دا یان به‌یه‌که‌وه بوونیان نیه، یان به ناته‌واوی و کرچ و کاڵی هه‌ن. هه‌ربۆیه که‌موکۆڕی له‌م سێ کووچکهیهدا ده‌توانی به باشی شوێندانه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر فاکتۆڕێکی گرینگی وه‌ک ژئۆپۆلتیک به زیانی کورده‌وه هه‌بێ. له‌وانه‌شه ئه‌م پرسیاره بێته ئاراوه که ئه‌دی ”گوتار” له کوێی ئه‌م باسه‌دا جێ ده‌گرێ؟ ئیمکانات و توانایی ماڵی چی لێ دێت؟ پسپۆڕی (Expertise) له کوێێ ئه‌م باسه‌دا جێی ده‌بێته‌وه؟ و …
وڵام ئه‌وه‌یه که له باوه‌ڕمه‌ندی به هزری گشتی وه‌ک نه‌ریتێکی کاریی، گوتار و شاره‌زایی دهوخوڵقێ و هه‌ر ئه‌و به‌ستێنه‌ش ده‌توانێ له رێگای توانا دهروونزاکانی خۆی و دیپلۆماسییه‌وه، ئیمکانات ده‌سته‌به‌ر بکات. واته به بوونی ئه‌و سێ کووچکهیه ده‌توانین ئاگرێک خۆش بکه‌ین که زۆر چێشتی دڵخوازی خۆماڵی کوردیی له‌سه‌ر لێنێین.
Be the first to comment